"عه‌بدوڵای موهته‌دی" كه‌سێكی هێنده ناسراوه پێویستی به‌ناساندن نییه.
عه‌بدوڵا موهه‌ته‌دی بۆ ئاوێنه ده‌دوێت
ئه‌و كه سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێرانه، سه‌باره‌ت به‌دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی كێشمه‌كێشی نێوان باڵی زۆرینه‌و كه‌مینه‌ی رێكخراوه‌كه‌یان‌و هه‌لومه‌رجی ئێستای ئۆردوگای زڕگوێزه‌ڵه بۆ ئاوێنه ده‌دوێت.
*كاك عه‌بدوڵا ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ی كه به‌ڕێزتان رابه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن جیابوونه‌وه‌ی تێكه‌وت، ئه‌مه بۆ؟
- هه‌ر وه‌كو دیاره سه‌رجه‌م له‌مباره‌یه‌وه كه‌م دواوم، پێموابووه دوانی زۆر له‌سه‌ری خۆی ده‌توانێت ناكۆكییه‌كه قووڵتر بكاته‌وه، بۆیه خۆم پاراستووه لهدووانی زۆر‌و جوابه جه‌نگی زۆر، به‌ڵام له‌هه‌ر حاڵ‌دا پێموایه په‌یامی خۆم راگه‌یاندووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئه‌م ناكۆكییه‌ی له‌وانه‌یه ببێته هۆی جیاییش، ئیدامهو درێژه‌دانی ململانێیه‌كی سیاسی نێوان دوو رێباز‌و دوو خه‌ت نه‌بووه‌و نییه له‌كۆمه‌ڵه‌دا، كه بڵێی ئه‌م ململانێیه گه‌یشتووه‌ته ئاستێك لهپهرهسهندنو لهتهكامولی خۆی كه ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ناو رێكخراوه‌كه‌دا، له‌ناو به‌ده‌نه‌ی حیزب‌دا، بووه. بۆ نمونه زۆرینه‌یه‌ك كه له‌سه‌ر خه‌تی ره‌سمی كۆمه‌ڵه بن‌و كهمینهیهكیش جۆرێكی تر بیر بكه‌نه‌وه، من به‌ڕاستی ئاوام نه‌دیوه. دیاره هه‌وڵێك دراوه بۆ ئه‌وه‌ی دوای ئه‌وه‌ی جیابوونه‌وه‌و دوو بهرهكایهتییهكه ساز بوو، كۆمه‌ڵێك شتی سیاسی پێوه بلكێنن. ئه‌گه‌ر سه‌ڕه‌رای هه‌موو ههوڵو ته‌قه‌ڵای ئێمه، هاوڕێیانی كه‌مینه بیانه‌وێ هه‌ر جیاببنه‌وه، ره‌نگه ئه‌وكاته زۆرتریش شتی سیاسی بۆ دروست بكهنو بۆ دابتاشن، به‌ڵام من تا ئێستاش ئه‌وه‌م نه‌بینیوه كه خهتو سیاسه‌تێكی جیاواز‌و رێبازێكی سیاسی جیاواز له‌كۆمه‌ڵه، له‌لایه‌ن هاوڕێیانی كه‌مینه‌وه هێنرابێته ئاراوه، بۆیه من هۆكاره‌كه‌ی له‌شتی سیاسی‌و لهخیلافی سیاسی‌دا نابینم، به‌ڵام پێموایه ئاكامی سیاسی لێده‌كه‌وێته‌وه، واته ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌وان جیابنه‌وه به‌و شێوه‌و میتۆده‌ی كه گرتویانه‌ته پێش، پێم وا نییه تازه له‌سه‌ر ئه‌م خه‌ته بمێننه‌وه كه ئێستا كۆمه‌ڵه هه‌یه‌تی.
*باشه به‌بڕوای تۆ باڵی كه‌مینه له‌چی ناڕازین؟
- راستییه‌كه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌بێت خۆیان بیده‌نه‌وه، من به‌رپرس نیم له‌وه، تێگه‌یشتنی بۆ منیش تا ئێستا ئاسان نه‌بووه.
*ئه‌وان ده‌ڵێن لهسهنترالیزمو ده‌سه‌ڵاتی ره‌های سكرتێر‌و زۆرینه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ناڕازین، ده‌ڵێن ئێوه به‌ته‌نها هه‌موو شته‌كان له‌نێو كۆمه‌ڵه‌دا یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌وان له‌پرۆسه‌ی بڕیاردان كراونهتهدهر، ده‌ڵێن ده‌مانه‌وێ دۆسیه‌ی دارایی كۆمه‌ڵه روون‌و شه‌فاف بێت، ده‌ڵێن باڵی زۆرینه هیچ رێز‌و بایه‌خێك بۆ دیموكراسی‌و دیالۆگ دانانێت...
- هیچ كام له‌وانه راست نین به‌داخه‌وه، یه‌كه‌م: دوو له‌و هاوڕێیانه‌ی كه‌مینه بۆ ماوه‌یه‌كی دووردرێژی دوای جیابوونه‌وه‌ی ئێمه له‌حیزبی كۆمۆنیستی ئێران "غه‌یری ئه‌م هه‌شت نۆ مانگه‌ی رابردوو"، نه‌ك هه‌ر له‌كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌دا بوون، به‌ڵكو له‌ده‌فته‌ری سیاسییهكهشیدا به‌شدار بوون، ئاگادار‌و به‌شداری ورد‌و درشتی هه‌موو شتێكن، هه‌موو راگه‌یاندنی كۆمه‌ڵه به‌ده‌ست ئه‌وانه‌وه بووه، كێ پێشی قسه‌كردنی به‌وان گرتووه؟ هه‌موو راگه‌یاندنی كۆمه‌ڵه به‌ته‌له‌فزیۆنی "رۆژهه‌ڵات تی ڤی"یه‌وه، به‌رادیۆی كۆمه‌ڵه‌و گۆڤار‌و سایته‌كانه‌وه هه‌موو له‌به‌رده‌ستی ئه‌و هاوڕێیانه‌دا بوون، هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌موو كاری ئیجرائی و به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵه به‌ته‌واوی به ده‌ستیانه‌وه بوه‌وه.
*به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر به‌ده‌ست ئێوه‌وه بووه كه "دارایی كۆمه‌ڵه"یه، ئه‌وان له‌مباره‌وه ده‌ستبه‌تاڵ بوون‌و وه‌ك ده‌زانن ئابوریش گرنگترین كۆڵه‌كه‌ی سیاسه‌ته..
- با پێت بڵێم لایه‌نی دارایی چۆنه، دیاریكردنی به‌رپرسی مالی‌و دارایی شتێك نییه به‌بێ پرس‌و مه‌سڵه‌حه‌ت‌و ته‌گبیر كرا بێت، هه‌مووی یان له‌كۆبوونه‌وه‌و پلێنۆمهكانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌دا كراوه یاخود له‌ده‌فته‌ری سیاسی‌دا دیاریكراوه كه ئه‌وان له‌هه‌ردوو حاڵه‌تدا تیایدا به‌شدار بوون‌و خۆشیان ده‌نگیان پێداوه، ئه‌مه یه‌ك. راپۆرتی مانگ به‌مانگی فلس بهفلسو تمه‌ن بهتمهنو دۆلار به‌دۆلاری كۆمه‌ڵه، چی هه‌یه‌و چی خه‌رج كردووه‌و چی داهاتی بووه، دهزاننو هیچ شتێكی شاراوه نییه له‌وباره‌وه. ئاستێك له‌نهێنی مالی‌و دارایی هه‌موو كۆمیته‌ی ناوه‌ندی زانیوییه‌تی، ئاستێكی له‌وه نهێنی تر یان له‌وه پارێزراوتر هه‌بووه هه‌موو ده‌فته‌ری سیاسی ئێمه كه حه‌وت كه‌س بوون زانیویانه، هیچ شتێك نییه یه‌ك تاقه تمهنو دینار‌و دۆلار نییه كه من یان به‌رپرسی دارایی كه هاوڕێیه‌كی دیكهمانه زانیبێتمانو حه‌وت كه‌سه‌كه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی نه‌یانزانیبێت.
*باشه ئه‌گه‌ر وه‌ك تۆ ده‌ڵێی ئه‌و ره‌خنانه‌ی ئه‌وان هیچی راست نین، بۆ گفتوگۆكانتان نه‌گه‌یشته ئه‌نجام، پێتوایه ئه‌و رێگریانه چی بوون له‌به‌رده‌م پێكهاتنهوهتاندا؟
ئه‌گه‌ر له‌من بپرسی، به‌تێگه‌یشتنی من ئه‌و هاوڕێیانه، به‌تایبه‌ت هه‌ندێك له‌وان، زۆر توندڕه‌و بوون، زۆر ده‌مێك له‌وه‌و پێشه‌وه، زیاتر له‌ساڵ‌و نیوێك له‌مه‌وبه‌ره‌وه بڕیاری خۆیان دا بوو، له‌هه‌ل ده‌گه‌ڕان بۆ ئه‌و كاره، له‌كۆكردنه‌وه‌ی هێز ده‌گه‌ڕان بۆ ئه‌و كاره.
*ئه‌وان له‌چیدا توندڕه‌و بوون؟
- من غه‌یری تموحی فهردیو گێڕه‌و كێشه‌ی شهخسیو ئه‌وانه نه‌بێت هیچی تری تیا نابینم.
*به‌ڵام ئه‌وان ده‌ڵێن ئێوه‌ش به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵ كردون، بۆ نمونه: كۆی ئیمكانات‌و ئوتومبێله‌كانی كۆمه‌ڵه‌تان لێسه‌ندون، یارمهتیو بایه‌عی پێشمه‌گه‌و كادێرهكانتان لێبڕیون، له‌م چه‌ند هه‌فته‌و مانگه‌ی رابردووش‌دا ته‌نانه‌ت زۆرجار ئۆتۆمبێلتان نه‌داونه‌تێ هاتوچۆی پێبكه‌ن..
- ئهسڵو ئه‌ساسی نییه، به‌داخه‌وه گرفتی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیانه‌ی كه‌مینه‌دا له‌وه‌دایه جۆرێك راگه‌یاندن ده‌كه‌ن كه هه‌ر نازانی چۆن بڵێیت "وا نییه‌و هه‌ر ئهسلو ئه‌ساسی نییه". یه‌كه‌م: ره‌نگه حیزبی تر وابێت له‌كوردستانی عێراق كه هه‌ر مهسئولهو به‌رپرسه سه‌یاره‌ی خۆی هه‌بێت، ئێمه وا نین، ئێمه سه‌یاره‌كانمان هه‌مووی له‌یه‌ك شوێنن، هه‌ر كه‌س ئیشوكاری پێیان بێت به‌گوێره‌ی زه‌وابت ده‌یاندرێتێ، ئێمه دهفتهرێكمان هه‌یه كه نیشان ده‌دات هه‌ر مانگه كێ سه‌فه‌ری كردووه لهزڕگوێزهڵهو ئۆردوگاكانی ئێمه‌وه بۆ شاری سلێمانی، چه‌ند جاریش سه‌فه‌ری كردووه، به‌سه‌ری خۆم‌و تۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌فته‌ره سه‌یر كه‌ی، ده‌بینی كه ئه‌و سێ كه‌سه‌ی ئه‌وان به‌قه‌د هه‌ر شانزه‌و حه‌ڤده‌كه‌ی ئێمه سه‌فه‌ریان كردووه، له‌سه‌دا شه‌ستی سه‌فه‌ره‌كان هی ئه‌وان بووه.
*ئه‌مه له‌كه‌یدا؟
- له‌دوو مانگی رابردوودا، چونكه راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌وان حه‌وت هه‌شت مانگیش ده‌بێت بۆ هیچ كارێكی حیزبی ده‌ست له‌ڕه‌ش‌و سپی ناده‌ن، هه‌ر خه‌ریكی هێز كۆكردنه‌وه‌و ته‌كه‌تولی خۆیان بوون، بۆیه زۆر پێویستیان به‌سه‌یاره بووه‌و رۆژ تا ئێواره دێن‌و دهچنو سه‌ریان زۆر قاڵه.
*تا ئێستاش ئه‌و ئاسانكارییهیان بۆ كراوه له‌لایه‌ن ئێوه‌وه؟
- هه‌ر كاتێك ئه‌وان بیانه‌وێ بێن بۆ شار، من چ ئاسانكارییه‌كم بۆ ده‌كرێت ئه‌وانیش هه‌ر ئه‌و ئاسانكارییهیان بۆ دهكرێتو ئێستاش هه‌ر وایه.
*به‌ڵام دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر كه لای كاك "عومه‌ری ئیلخانیزاده" بووم، وتی ویستومه به‌مه‌به‌ستی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی ئاوێنه بێم بۆ سلێمانی‌و داوای سه‌یاره‌م كردووه، بۆیان دابین نه‌كردوم. به‌ناچار بۆ دابینكردنی سه‌یاره‌یه‌ك په‌نام بۆ ناسیاوێكی خۆم بردووه..
- (به‌سه‌رسوڕمانه) بڵێم چی؟ به‌ڕاستی نازانم چۆنی وه‌ڵام بده‌مه‌وه.
*كاك عه‌بدوڵا مه‌سه‌له‌یه‌كی جێی سه‌رنجی دیكه ئه‌و قسه‌وباسانه‌یه كه گوایه باڵی زۆرینه (ئێوه) ئیدیعای ئه‌وه‌تان بڵاوكردووه‌ته‌وه گوایه له‌گفتوگۆكانی ئێوه‌و ئه‌واندا "لایه‌نی سێهه‌م كه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه" پشتگیری له‌ئێوه ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌واندا، ئایا ئه‌مه به‌ڕاست وایه؟
- جا ئێمه بۆ بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه؟ ئه‌وه‌له‌ن من لایه‌نگرییه‌كی ئاوام نه‌دیوه كه بڵێی زوڵمێك له‌وان كرابێت یان ناههقیو بێ ئیحترامییهكیان پێكرابێت، یان گوێ له‌قسه‌كانیان نه‌گیرابێت، ئه‌سڵه‌ن ئه‌وه نییه له‌ئارادا، سه‌رجه‌م زۆر به‌ڕێزه‌وه‌و زۆر به بێ ته‌حه‌كوم قسه‌مان له‌گه‌ڵ كراوه. به‌ڵام من خۆم نه‌ك هه‌ر له لایه‌نی سێهه‌م، له هه‌موو حیزب‌و لایه‌نێكی كوردستانی ته‌وه‌قوعم هه‌یه هه‌روه‌كو چۆن له‌ناو دهوڵهتو وڵاتێكدا یاسا هه‌یه‌و رێزی لێده‌گیرێت، پێموایه له‌ناو حیزبێكیشدا شهرعیهتو قانونیهتو یاسا ده‌بێت رێزی لێبگیرێت، له‌به‌رئه‌وه پێموایه نامهعقولو زیاده‌ڕۆیی نییه كه چاوه‌ڕوانییه‌كی ئاوامان هه‌بێت كه هه‌موو لایه‌نێك بزانن شته‌كان له‌ڕووی یاسای ناوخۆمانو په‌یڕه‌وی ناوخۆمانه‌وه چۆن بووه، كێ خراپه‌یه‌كی كردووه لێیبكۆڵنهوه، كێ له‌یاسای خۆمان چووه‌ته ده‌ر لێیبكۆڵنهوه و قه‌زاوه‌تی له‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌وه به‌شتێكی ناهه‌قی نازانم. به‌ڵام من هیچ شتێكم له‌وباره‌یه‌وه نه‌دیوه‌و هیچ شتێكیشم له‌وباره‌یه‌وه بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه.
*هه‌ڵوێستی لایه‌نی سێهه‌م به‌رامبه‌ر به‌م كێشه‌یه‌ی ئێوه چی بووه؟
- لایه‌نی سێهه‌م زۆریان پێخۆش بوو، پێموایه هه‌موو حیزبه‌كانی كوردستانی وان‌و ده‌بێت واش بن، كه به‌شكو یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ك له‌نێو ئێمه‌دا ساز بكه‌نه‌وه، دیاره ئێمه‌ش خۆمان هه‌ر خوازیاری ئه‌وه‌ین، به‌ڵام هاوڕێیانی كه‌مینه به‌داخه‌وه به‌ڕاشكاوی رایانگه‌یاند كه "هیچ رێگه‌یه‌كی دیكه غه‌یری جیایی نه‌ماوه‌ته‌وه‌و ئه‌وان ئاماده‌ن مه‌سئولییه‌تی ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه‌ش بگرنه ئه‌ستۆ". ئه‌وان به‌هه‌ر جۆرێك بێت حه‌تمه‌ن ده‌یانه‌وێ جیاببنه‌وه‌و پهلهپهلیشیانه بۆ جیابوونه‌وه‌و لایه‌نی سێهه‌میش شاهیدی ئه‌وه‌یه. به‌ڵام سه‌ڕه‌رای هه‌موو ئه‌وانه‌ش لایه‌نی سێهه‌م له‌ئاخر جاریشدا هه‌ر خوازیاری ئه‌وه بووه‌و وتویه‌تی "سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ی قسهكانیشتان له‌یه‌كه‌وه دووره، به‌ڵام به‌جارێك بێ هیوا نین لهیهكگرتنهوهتان".
*به‌ڵام تۆ خۆت به‌جارێك بێ هیوا نه‌بوویت له‌وه‌ی یه‌كبگرنه‌وه؟
- من ئێستاش پێموایه ئه‌م جیاییه شتێكی مێژوو كرد نییه، شتێكی سیاسه‌ت كرد نییه، ده‌ستكردی خۆمانه، بۆیه من پێموایه ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوڕێیانه باشی بیری لێبكه‌نه‌وه‌و ته‌ماشا بكه‌ن ده‌بینن كه هیچ پاساوێك، هیچ شهرعییهتییهك بۆ ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه‌یان له‌ئارادا نییه.
*ئه‌ی كه‌واته بۆ جیا ده‌بنه‌وه؟
- خراپ ده‌كه‌ن.
*باس له‌وه ده‌كرێت كه له‌م گفتوگۆیانه‌دا ئێوه هه‌ڕه‌شه‌تان لێكردوون، هه‌ڕه‌شه به‌و مانایه‌ی له‌ڕووی مالی‌و داراییه‌وه فشاریان بۆ بهێنن كه ده‌ست له‌و جیابوونه‌وه‌یه هه‌ڵگرن..
- نه‌خێر، هه‌ركه‌س چ مووچه‌یه‌كی دراوه‌تێ له‌ناو ریزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌دا تا ئه‌لعان، نهفلسێكی كه‌متر دراوه‌تێ نهفلسێكی زیاتر. ئێمه ئاماده‌ین، ره‌نگه ئه‌م قسه‌یه‌ش تۆزێ به‌گاڵته وه‌ربگیرێت چونكه شتی وا پێویست ناكات، به‌ڵام ئێمه ئاماده‌ین دیوانی چاودێری بهێنن بڕوانێت بزانێت به‌هیچ كه‌س زیاد دراوه یان به‌هیچ كه‌س كه‌م دراوه؟ نه‌بووه شتی وا، به‌داخه‌وه ئه‌مه به‌شێك له‌ڕاگه‌یاندنێكی زۆر دوژمنكارانه‌و زۆر نه‌یارانه‌یه كه له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ده‌كرێت، كه بێ سابقهیهو شتی وام نه‌دیوه، نازانم بۆچی قسه‌ی وا ده‌كرێت؟!
*ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌و چه‌كدارانه ده‌ڵێی چی كه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئۆردوگاكه‌وه هێناوتانه‌و دژایه‌تی لایه‌نه‌كه‌ی تر دهكهنو له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا چه‌ند جارێك حاڵه‌تی ناخۆش روویداوه؟
ـ با پێت بڵێم چۆنه، له‌راستیدا ئه‌وه هاوڕێیانی كه‌مینه‌ن كه خه‌ڵكی ناكۆمهڵه یان ناپێشمهرگهیان كه ئه‌سڵه‌ن وه‌رنه‌گیراون بۆ پێشمه‌رگایه‌تی هێناوه‌ته ناو ئۆردوگا و لیژنه‌یه‌كیش كه لایه‌نی سێهه‌م پێكی هێناوه ئه‌و راستییه ده‌زانێ. ئێمه چه‌ند كه‌سێكمان كه له‌ڕێكخستندا بوون‌و كۆنه پێشمه‌رگه بوون‌و تا ئێستاش كاری حیزبیان بۆ ده‌كردین، هه‌موویان له هه‌رێمی كوردستان بوون، به‌ڵام هه‌موویان له‌ناو ئۆردوگادا نه‌بوون، راسته ئه‌وانه هاتونو هێناومانن بۆ نێو ئۆردوگاكه.
*كه‌واته هێنانی ئه‌وان له‌م کاته‌دا به‌ڵگه‌ی ئه‌وه نییه كه بۆ دژایه‌تی باڵی كه‌مینه هێنراون؟
- نه‌خێر، بۆ ئه‌وه‌مان هێناون كه دیفاع له‌كۆمه‌ڵه بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان كه‌سانی وه‌هایان هێناوه كه ئه‌سڵه‌ن له‌هیچ رێكخستنێكدا نه‌بوون یان ده‌ركراوی كۆمهڵهنو رۆیشتون، خۆشیان ده‌زانن مایه‌ی فیتنه‌ن. به‌هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ریش یه‌ك دوو جار ئاڵۆزی‌و ناخۆشییه‌ك بووبێت، یه‌كجار زۆری پێناڕهحهتمو به‌داخه‌وه‌م. هیوادارم وا بكه‌ین كه بتوانرێ پێشی پێبگیرێت.
*له‌سایه‌ی ئه‌م دۆخه‌دا، كه رۆژانه ده‌نگتان لێوه دێت‌و پێكه‌وه بوونتان شتی ناخۆشی لێده‌كه‌وێته‌وه بۆ تا ئێستا له‌م ئۆردوگایه‌دا به‌یه‌كه‌وه‌ن؟
- من پێموایه پێویسته هه‌موو هه‌وڵی خۆمان بده‌ین بۆ یه‌كگرتنه‌وه، ئێمه له‌هه‌موو كۆبوونه‌وه دوو قۆڵییه‌كانی خۆمانداو هه‌روه‌ها له‌هه‌موو كۆبوونه‌وه سێ قۆڵییهكانیشدا به‌ئاماده‌بوونی لایه‌نی سێهه‌م، بهئاخر جاریشییهوهی له‌گه‌ڵ بێت، هه‌ر داوای یه‌كگرتنه‌وه‌مان كردووه، كه‌چی ئه‌وان هه‌ر لای جیابوونه‌وه‌یان گرتووه، به‌ڵام خۆ دیاره به‌زۆر ناتوانین رایانگرین. ئه‌گه‌ر هه‌ر ویستیان بڕۆن‌و جیاببنه‌وه، له‌م حاڵه‌دا به‌بڕوای من ناتوانین له‌م ئۆردوگایه‌دا لایه‌كی ئه‌وان بێ‌و لایه‌كی ئێمه، یان له‌م دوو سێ ئۆردوگا له‌په‌نا یه‌كه‌دا، یه‌كمان له‌لایه‌ك بین‌و یه‌كمان له‌لایه‌كی دیكه، به‌ڵكو ئه‌وان ده‌بێت به‌فكری جێیه‌كی دوورتر بن، ده‌بێت دوور كه‌وینه‌وه له‌یه‌كتری، ده‌نا به‌بڕوای من له‌م ئۆردوگا ته‌نگه‌به‌رو له‌م دۆڵه ته‌نگه‌به‌ره‌دا، ئیمكانی رووداوی ناخۆش هه‌ر هه‌یه. بێجگه له‌وه‌ش به‌یه‌كترییه‌وه مه‌شغوڵ ده‌بین، ئێمه نامانه‌وێ به‌وانه‌وه یان به‌هیچ شتێكی لاوه‌كییه‌وه مه‌شغوڵ بین، ئهركو كاری یه‌كجار گه‌وره له‌به‌رامبه‌ر حیزبه كوردستانییه‌كاندا هه‌یه له‌كوردستانی رۆژهه‌ڵات، ئێران روه‌و ئاڵوگۆڕه، دنیایه‌ك كار هه‌یه بیكه‌ین، با به‌یه‌كتره‌وه مه‌شغوڵ نه‌بین، با هه‌ردوولامان ئیفلیج نه‌بین، با رووداوی ناخۆشی لێنه‌كه‌وێته‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌ر بڕیاریان دا جیاببنه‌وه، باشترین حاڵه‌ت ئه‌وه‌یه كه دووریش بكه‌ونه‌وه بچنه شوێنێكی تر.
*به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ئێستا جیابوونهوهكی راستیهقینهو رانه‌گه‌یه‌ندراو هاتووه‌ته كایه‌وه، ئیتر بۆ له‌یه‌كتر دوور ناكه‌ونه‌وه؟
ـ به‌ڵێ ئه‌گه‌ر هیچ رێیه‌كی نه‌ما خۆ هه‌ر ئه‌وه‌یه، به‌ڵام ئێمه هه‌موو هه‌وڵێكمان داوه كه نه‌رمی بنوێنین، زوو بڕیاری ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه نه‌ده‌ین، بۆچی؟ له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه‌ی كه، بێجگه لههاوسهنگهر بوون‌و هاوڕێ بوونی له‌مێژینه، پێمانوایه ئه‌و جیاوازی‌و ناكۆكییه‌ی كه جیابوونه‌وه حه‌تمی‌و زه‌روری بكات نه‌هاتووه‌ته ئاراوه، تا ئێستا وتومانه به‌شكو بتوانین رێگه‌یه‌ك بۆ یه‌كگرتنه‌وه بدۆزینه‌وه، به‌ڵام راسته ئه‌وان به‌عه‌مه‌لی خۆیان جیا كردووه‌ته‌وه بهسایتهوه، بهگۆڤارهوه، بهمقهڕی ناو شاره‌وه، به‌هه‌موو شتێكه‌وه به‌حه‌قه‌ت خۆیان جیا كردووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌روا بڕوات ئه‌وا رێیهكمان بۆ ناهێڵنه‌وه، ئێمه‌ش مه‌جبورین ئه‌و واقعییه‌ته قبوڵ بكه‌ین.
*كه‌واته كاك عه‌بدوڵا ئالێره‌دا هه‌ست ناكه‌ن "پرۆژه‌ی ساغكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه" دوای حه‌وت ساڵ شكستی هێنا؟
- نه‌خێر. به‌هیچ شێوه‌یه‌ك.
*ئه‌ی ئامانجی سه‌ره‌كی پرۆژه‌كه‌ی ئێوه هه‌ستانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه نه‌بوو، كه‌چی وا ده‌بن به‌دوو كه‌رته‌وه؟
- كۆمه‌ڵه هه‌ستاوه‌ته‌وه، زۆر به‌باشیش هه‌ستاوه‌ته‌وه ئه‌م حه‌وت ساڵه، له‌نێو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان، له‌نێو نوخبه‌ی سیاسی، له‌نێو تێكۆشه‌رانی سیاسی‌و له‌نێو رۆشنبیرانی كوردهواری جێگه‌یه‌كی زۆر چاكی بۆ خۆی ده‌ستبه‌ر كردووه. ئه‌م گرفته‌مان ئه‌گه‌ر نه‌بوایه‌و ئه‌گه‌ر له‌كۆڵمان بێته‌وه، من پێموایه داهاتوویه‌كی زۆر زۆر رۆشنمان هه‌یه له‌كوردستانی ئێران.
*به‌ڵام ئه‌وانیش به‌هه‌مانشێوه خۆیان به‌خه‌تی راسته‌قینه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه ده‌زانن كه تۆ باسی ده‌كه‌یت؟
- كێشه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ناكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌وه، زۆرتر ده‌یهێڵینه‌وه بۆ پراكتیك‌و كاری داهاتوو، بۆ سیاسه‌ته‌كان‌و بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی واقیعی‌و خه‌باتی واقیعی ئه‌وانه له‌مه‌حه‌ك بدات.
*هه‌ست ده‌كه‌یت لێكچوونێك له‌نێوان ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه‌ی ئێستا‌و ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌دا هه‌یه كه پێشتر ئێوه له‌حیزبی كۆمۆنیستی ئێران جیابوونه‌وه؟
- نه‌خێر پێم وا نییه، بشبێت زۆر كه‌م. ئه‌و وه‌خت ئێمه نه‌هاتین دوو به‌ره‌كایه‌تی له‌نێو رێكخستنی حیزبی‌دا دروست بكه‌ین، قه‌ت ئه‌وه‌مان نه‌كرد، نه‌ك بهمانگو دوو مانگ، به‌ڵكو بهساڵو به‌چه‌ند ساڵ ئێمه لێكۆڵینه‌وه‌و باسی سیاسی‌و سمینار‌و نووسین‌و محازه‌ره‌مان بوو له‌ناو خۆماندا، به‌ته‌واوی له‌باری تیئۆرییه‌وه، له‌باری خهتو رێبازی سیاسییه‌وه قسه‌كانی خۆمان كرد بوو به‌شه‌فافیه‌ته‌وه، كه سه‌ره‌نجامیش نه‌مانتوانی یه‌كبگرینه‌وه، جیاوازی خه‌تی سیاسیمانو زهرورهتو پێویستییه سیاسییه‌كه زۆر ئاشكرا‌و روون بوو بۆ هه‌مووان. ئه‌مه فه‌رقێكی ئه‌ساسییه له‌گه‌ڵ ئێستا، كه تا ئێستاش كه‌مینه نه‌یتوانیوه جیاوازییه‌كی سیاسی ئه‌وتۆ نیشان بدات. دووه‌م شت ئه‌وه‌یه ئێمه‌ومانان له‌حیزبی كۆمۆنیستدا تا ئاخر ئێواره‌ی كه له‌وێ ماینه‌وه زۆر وه‌زیفه‌شناس بووین، زۆر كاركه‌ر بووین، ته‌شكیلات شێوێن نه‌بووین، به‌شه هه‌ره له‌سه‌رخۆو سیاسییه‌كه بووین، جنێو فرۆش نه‌بووین، شه‌ڕخواز نه‌بووین، كه به‌داخه‌وه ئه‌مجاره له‌مباره‌شه‌وه نزیكایه‌تی نییه.
*كاك عه‌بدوڵا ئه‌و كۆمه‌ڵه بهبڕستو به‌هێزه‌ی كۆتایی هه‌فتاو سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووتان بۆ والێكرد؟ به‌بڕوای تۆ گرنگترین ئه‌و هۆكارانه چی بوون كه ئێوه‌ی به‌مجۆره‌ی ئێستا كه‌رت‌و په‌رته‌وازه كرد، كه خۆت یه‌كێكی له‌وانه‌ی لێی به‌رپرسیت؟
- به‌ڵێ قه‌ت به‌رپرسیارییه‌تی خۆم رهتنهكردووهتهوهو له‌ژێری دهرنهچوومو له‌وباره‌وه راشكاوانه قسه‌ی خۆم كردووه، له‌به‌رئه‌وه ترسێكم نییه له‌وباره‌وه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی راسته‌قینه بكات ناشتوانێت ده‌وری شهخسییهتهكان نه‌بینێت، به‌ڵام له‌هه‌ر حاڵ‌دا ئه‌گه‌ر بچینه‌وه سه‌ر ئه‌و باسه كه بۆچی وایلێهات؟ هه‌م هۆكاری ناوخۆیی خودی كۆمه‌ڵه‌و دواتریش پێكهاتنی حیزبی كۆمۆنیستی تێدایه‌و هه‌م هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی، واته دوورودرێژ بوونه‌وه‌ی ئیستیبدادی ره‌شی كۆماری ئیسلامی بۆ ماوه‌ی بیست‌و نۆ ساڵ، هۆكارێكی گه‌وره‌یه نابێت له‌بیرمان بچێته‌وه. ئه‌م ئیستیبداده هه‌ر ئه‌وه نه‌بوو كۆمه‌ڵه‌ی پێ لاواز بێت، پشتی بزوتنه‌وه‌ی كرێكارییان له‌ئێراندا شكاند، پشتی بزوتنه‌وه‌ی ژنانیان شكاند، پشتی بزوتنه‌وه‌ی خوێندكارییان شكاند، ئازادی رۆژنامه‌گه‌رییان نه‌هێشت، رۆشنبیرییان له‌ئێران بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌ئێران بنبڕ كرد، كه‌وابێت شكستێكی گه‌وره‌یه كه دیكتاتۆرییه‌تی كۆماری ئیسلامی به‌سه‌ر هه‌موو شارستانیه‌تی ئێرانی هێناوه، به‌سه‌ر هه‌موو ره‌وته سیاسییه‌كانیدا هێناوه بهچهپو لیبرال‌و دیموكراته‌وه. ئه‌مه ناتوانێت بێ ره‌نگدانه‌وه‌و كاریگه‌ری بێت له‌ناوخۆی حیزبه‌كان، بێگومان ئه‌گه‌ر ساڵه‌های ساڵ درێژه بكێشێت‌و ورده ورده خه‌ڵكه‌كه تیایدا پیر بن‌و ده‌ستیان له‌نزیكه‌وه نه‌گاته‌وه بهكۆمهڵگاكهی خۆیان. به‌ڵام ناڵێم ئه‌مه هه‌موو هۆكاره‌كانه، ده‌ڵێم ئێمه ناتوانین هۆكاره كۆمه‌ڵایه‌تییه گه‌وره‌كان ئه‌وانه‌ی "ماكرۆن" له‌به‌رچاو نه‌گرین و، ته‌نها هۆكاری "میكرۆ" له‌به‌رچاو بگرین. به‌ڵكو ده‌بێت تهركیبو ئاوێته‌یه‌ك بێت له‌هه‌ردووكیان. ئه‌گه‌ر من ته‌نها یه‌ك هۆكار ده‌ستنیشان بكه‌م، به‌بڕوای من هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی پێكهێنانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بوو، پێكهێنانی ئه‌و حیزبه‌و قۆرتهكانی، دره‌نگ ده‌ست لێهه‌ڵگرتنی، دره‌نگ پێگه‌یشتن به‌نه‌قدی ئه‌و ئه‌زمونه، به‌ڵێ ئه‌گه‌ر تاقه هۆكارێك ناوبه‌رم: ئه‌مه ئه‌و هۆكاره‌یه، كه كۆمه‌ڵێك جیاوازی له‌نێوان ئێمه‌دا پێكهێنا. كه ره‌نگبێت ئه‌گه‌ر ئێمه له‌ناو حیزبی كۆمۆنیستی ئێران‌دا نهماباینو هه‌ر له‌ناو كۆمه‌ڵه‌دا ماباینهتهوه، ره‌نگبوو تووشی هیچ كام له‌وانه نه‌بین، هه‌رچه‌نده تۆ ناتوانی مێژوو له‌ڕووی ئه‌گه‌رو بریاوه دیاریبكه‌یت. به‌ڵام به‌دڵنیایی ده‌توانین بڵێین به‌چوونه ناو حیزبی كۆمۆنیسته‌وه كۆمه‌ڵه زه‌ره‌رمه‌ند بوو. بێجگه له‌وه‌ش پێویسته هه‌لومه‌رجی چه‌پی جیهانیش له‌به‌رچاو بگریت، ئه‌و پاشه‌كشه‌و گۆڕانكارییه گه‌ورانه‌ی به‌سه‌ر چه‌پدا هات كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه هه‌بوو. واته تۆ ده‌بێت هه‌موو هۆكاره‌كان كۆبكه‌یته‌وه، كۆمه‌ڵه بخه‌یته سه‌ر زه‌مینه‌یه‌كی سیاسی‌و مێژووی واقیعی ناو كوردستان‌و ناو ئێران‌و ناو جیهان، جا ئنجا هۆكاره ناوخۆییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵه‌ش بهێنیت بیخه‌یته پاڵ ئه‌وان، تا سه‌ره‌نجام ته‌سویرێكی كامڵ له‌هۆكاره‌كان به‌ده‌ستبهێنیت. ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ین، پێموایه لێكدانه‌وه‌یه‌كی واقیعبینانه‌مان نابێت، هه‌ر ده‌بێته تاوانبار كردنی ئه‌م كهسو ئه‌و كهسو بهجێیهكی زۆرمان ناگه‌یه‌نێت.
*به‌ڵام هه‌ندێكجار ئاماژه به‌وه ده‌كرێت كه هۆكاری به‌شێك له‌م ململانێ‌و پهرتهوازهبوونانهی ناو كۆمه‌ڵه نه‌زعه‌ی ده‌سه‌ڵاتخوازیی كاك عه‌بدوڵای موهتهدییه، تۆ ده‌ڵێی چی؟
- راستییه‌كه‌ی من نابێ ئه‌و كه‌سه بم كه له‌وباره‌وه قه‌زاوه‌ت بكه‌م، قهزاوهتهكهی ده‌سپێرمه ده‌ست خه‌ڵك، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌نزیكه‌وه له‌گه‌ڵ من كاریان كردووه، من خۆم به‌كه‌سێكی توندوتیژ، قسه‌ڕه‌ق، بێ حه‌وسه‌ڵه نازانم، خۆم به‌كه‌سێكی نا نهرمونیانو بێ مه‌نتیق نازانم، به‌ڵام دیسانیشه‌وه با خه‌ڵك قسه بكهنو بۆم نییه خۆم له‌مباره‌یه‌وه بڕیار بده‌م.
ئا: لاپه‌ڕه‌ی كوردستانی

0 Kommentare:
Kommentar veröffentlichen
Abonnieren Kommentare zum Post [Atom]
<< Startseite