له په‌ڕاوێزی سه‌فه‌ره‌كه‌ی ئهحمهدینژاد بۆ ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كان
ئه‌بوبه‌كر موده‌ڕسی
سه‌فه‌ره‌كه‌ی ئهحمهدینژاد بۆ ئامریكا‌و به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان‌و پێشكه‌شكردنی وتاره ئایدۆلۆژیكه‌كه‌ی له‌و ئه‌نجوومه‌نه كه پڕ بوو له ئامۆژگاری بۆ كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تی له دونیا‌و ئاماده بوونی له زانكۆی كۆلۆمبیای نیۆیۆرك، سووكایه‌تی پێكردنه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌م زانستگایه به جه‌نابی سه‌رۆك كۆمار‌و وه‌ڵامه هه‌رچی په‌رچییه‌كانی ئه‌و، هه‌موو ئه‌وانه جارێكی‌تر وه‌زعی ناوخۆی ئیران‌و كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ رۆژئاوا كرد به باس و سه‌ردێڕی هه‌موو رۆژنامه‌كانو مێدیاكانی رۆژهه‌ڵاتو بگره هه‌موو دونیا.
له‌و بازاره ئاڵۆزه‌ی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌ییدا، كه‌م كه‌س هه‌یه قسه‌ی دڵی خۆی بكا، به‌شێكی زۆری ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن، به پێچه‌وانه‌ی كرده‌وه‌كانیانه. له كاتیكدا ئهحمهدینژاد سه‌رۆك كۆماره‌كان و دسه‌ڵاتدارانی دوینا ئامۆژگاری ده‌كات كه روو بكه‌نه خواپه‌ره‌ستی، خۆی‌و حكوومه‌ته‌كه‌ی‌و دۆسته هه‌ره نیزیكه‌كانیان له‌و جێگایانه‌ن كه ده‌سه‌ڵاتدارانیان وه‌ك وێنێزئۆللا، نیكاراگۆواو كووبا، هه‌ر ماتریالیستنو بڕوایان به هیچ ئایینێك نییه، یان له‌ناو هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی‌و هاوپه‌یمانه‌تیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌عسی سوریایه كه له‌ناو بزاڤه ناسیونالیستییه‌كانی عه‌ره‌ب نائاینینو به غه‌یره ئایینی ناسراون‌و به درێژایی ده‌سه‌ڵاتیان چه‌ند راپه‌ڕینی گه‌وره‌ی ئایینی له‌وانه: عه‌له‌وییه‌كانیان خڵتانی خوێن كردووه.
وته‌بێژانی ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانیش، یه‌ك له دوای یه‌ك له وه‌ڵامی پرسیاری میدیاكان جارێكی دیكه سوێند ده‌خۆنه‌وه به پابه‌ندبوونیان به دۆزینه‌وه‌ی رێگه چاره‌ی دیپلۆماسیانه‌و هاوكات گه‌وره‌ترین هێزی ده‌ریایی خۆیان دوای شه‌ری جیهانی دووهه‌م، له كه‌نداو كۆكردۆته‌وه‌و به‌شێكی به‌رچاو له لێكۆڵه‌رانی به‌ناو بانگی ئا‌مریكا و ئوروپا، ئه‌گه‌ری شه‌رو پێكدادانی ئه‌و زڵهێزه له‌گه‌ڵ ئێران رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ نزیكترو نزیكتر ده‌بینن. به تایبه‌ت ئێستا كه ئامریكا‌و فرانسه‌و بریتانیا نه‌یانتوانی روسییه رازی بكه‌ن به تووند كردنه‌وه‌ی گووشاره ئابووری‌و سیاسییه‌كان بۆ سه‌ر ئێران له بڕیارنامه‌ی سێهه‌می ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش‌دا، و ناچار بوون بۆ چه‌ند مانگی دیكه دانی بریارنامه‌ی سێهه‌م وه‌دواخه‌ن، وێده‌چی ئا‌مریكا ئه‌م جاره‌ش وه‌ك زۆر جاری پێشوو، به قسه‌و راگه‌یاندن پابه‌ندبوونی خۆی به ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ده‌رببڕێ، به‌ڵام به كرده‌وه راسته‌وخۆو به رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌وڵه‌تی ئوروپایی وه‌ك بریتانیا‌و فه‌ڕانسه، ته‌سفیه حیسابی ئاخر له‌گه‌ڵ رژیمی ئێران بكات‌و خێری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ببه‌خشێته‌وه. وه‌ك ئاڵترناتیو بۆ بڕیارنامه‌ی سێهه‌م، هه‌ر له‌و بواره‌دا ئا‌مریكا خه‌ریكه به پاڵپشتی ژماره‌یه‌ك له ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمانی كه له‌م دواییانه‌دا فه‌ڕانسه‌شی پێ زیاد كراوه، كۆمه‌ڵێك گه‌مارۆی ئابووری به سه‌ر ئێران فه‌ڕز ده‌كات.
به تروریست ناوزه‌د كردنی سپای پاسدارانی ئیران له لایه‌ن كۆنگره‌ی ئه‌مریكاوه، رێگه ده‌دات به ئیداره‌ی ئه‌مریكا به پشت ئه‌ستووری یاسا، واته راگرتنی سه‌رچاوه‌كانی دارایی و چالاكییه ئابوورییه‌كانی گروپه تێرۆریسته‌كان، زۆرێك له بانكه‌كانو شیركه‌ته بازرگانیه‌كانی ئێران كه به جۆرێك له جۆره‌كان پێوه‌ندیان هه‌یه به‌و هێزه، بخاته ناو بازنه‌ی بایكۆتی ئابووری و راگرتنی داراییه‌كانیان. به له به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه سپای پاسداران ته‌نیا هێزێكی سه‌ربازی نییه‌و به‌ڵكو خۆی مۆنوپۆلێكی گه‌وره‌ی ئابووری و ماڵییه كه ده‌یان كۆمپانیا‌و بانك و شوێنی بارهه‌ڵگرتن وباردانانی له به‌نده‌ره‌كان هه‌یه، به كرده‌وه ده‌رهێنانی ئه‌و بڕیاره‌ی كۆنگره ده‌توانێ زه‌ربه‌یه‌كی كوشه‌نده بێت هه‌م له ئابووری ئێران به گشتی و هه‌م له جیگه‌و پێگه‌ی ئه‌و هێزه له ناو سترۆكتۆری ده‌سه‌ڵات له ئێران.
ئهحمهدینژاد له حاڵێكدا سه‌فه‌ری خۆی بۆ به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وڵاته یه‌كگرتووه‌كان ده‌ست پێكرد كه كۆمه‌ڵگای ئێران به پێچه‌وانه‌ی روونكردنه‌وه‌كانی یه‌ك له دوای یه‌كی ده‌سه‌ڵات به مه‌به‌ستی كه‌م به‌هادان به ئه‌گه‌ری هێرشی نیزامی بۆ ئێران له لایه‌ن ئه‌مریكاوه، نیشانه‌گه‌لێكی زۆر به‌هێز هه‌یه له‌وه‌ی كه كۆماری ئیسلامی دۆخه‌كه زۆر به ئاسته‌م ده‌زانێ. به‌شێك له هۆكاره‌كانی گۆڕینی فه‌رمانده‌ی سپای پاسداران، یه‌كخستنه‌وه‌ی ئه‌و هێزه له‌گه‌ڵ به‌سیج له‌ژێر یه‌ك فه‌رمانده‌یی، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و مه‌ترسییه. دیاری كردنی ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌و هێزه كه بریتی بێت له دیفاع له به‌رامبه‌ر دووژمنی ناوخۆیی(واته خه‌ڵكی ناڕازی) هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا ده‌توانێ مانای هه‌بێ، ئه‌گینا دوای شه‌ڕی ئێران‌و عێراق، سپای پاسداران وه‌ك ئه‌رته‌شێكی كلاسیك وه‌زیفه‌و ئه‌ركی دیفاع له سنووره‌كانی ئێرانی له دژی ده‌ستدرێژی ده‌ره‌كیی پێسپاردرابوو. وادیاره هه‌موو لایه‌ك له سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه شه‌ڕی ئه‌مجاره‌ی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئێران ئه‌گه‌ریش رووبدا، دووپاتكردنه‌وه‌ی هه‌مان سنارێۆی عێراق نابێت. به مانایه‌كی دیكه مه‌ترسییه‌كه ئه‌وه نییه كه ئا‌مریكا تاران ده‌گرێ‌و حكوومه‌ت ده‌ڕووخێنێ. نیگه‌رانی ئه‌وه‌یه به لێدانی بنكه‌كانی سپای پاسداران، ئاژاوه بخرێته ناو داموده‌زگای سهركووتو هه‌لێك بڕه‌خسێ بۆ خه‌ڵك و شه‌قامه‌كان كارێك بكه‌ن. ئه‌گینا كاتێك وڵات له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی ده‌ره‌كی دایه، چ مانای هه‌یه بۆ پڕچه‌كترینو به‌هێزترینو وه‌فادارترین هێزه‌كه‌ت، له جیاتی دیفاع له خاكی باب‌و باپیران، ئه‌ركی پۆلیسی بۆ دیاری بكه‌ی و بینێری بۆ شه‌قامه‌كان و كووچه‌و كۆڵانه‌كان له دژی خه‌ڵك.
به‌ڵام له ژێر هاتوهاوارو جه‌نجاڵی ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ئا‌مریكا له‌گه‌ڵ ئێران، مه‌ترسی هه‌ره گه‌وره بۆ ده‌سه‌ڵاتی ره‌شی ئیسلامی ئێران بنكۆڵ بوونی ورده ورده به‌ڵام بێپسانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریه. داخرانی یه‌ك له دوای یه‌كی ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنان، بێكاری رووه‌وزیاد بوون، گرانی و ته‌واوبوونی پاشكه‌وتی دراوی بانكی ناوه‌ندی، به وته‌ی زۆرێك له پسپۆران و چاودێرانێك كه له سه‌ر بارۆدۆخی ئێران لیكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ن، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی: قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی ئابووری له سیسته‌می دراو و بانكه‌كاندایه. جێگای وه‌بیرخستنه‌وه‌یه كه ئه‌و قه‌یرانه هه‌مووی ئاكامی ئه‌و گه‌مارۆیه نییه كه ئامریكا‌و هێندێك له وڵاتانی رۆژئاوا‌و سه‌رجه‌م دوو بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش به سه‌ر ئێرانیاندا سه‌پاندوه. ئه‌و گه‌مارۆیانه هێشتا ئه‌وه‌نده توندوتیژ نه‌بوونه‌ته‌وه تا بتوانێ له ماوه‌یه‌كی وا كورت كاریگه‌ری بێت له سه‌ر بارۆدۆخه‌كه‌و به‌ره‌و قه‌یران بیبات. به‌شێكی بنه‌ڕه‌تی هۆكاری ئه‌و دۆخه ناله‌باره ده‌رئه‌نجامی سیاسه‌ته كوشه‌نده‌كانی رژیمه كه به تایبه‌ت له‌م دووساله‌ی دواییدا له ماوه‌ی سه‌رۆك كۆماری ئه‌حمه‌دی نژاد له ئێران ره‌چاو كراوه. به‌شێك له‌و ئیمتیازه بازرگانیانه‌ی به چین و چه‌ند وڵاتێكی دیكه به‌خشراوه، بازاڕی ناوخۆیی بۆ كاڵاكانی ئێرانی ته‌نگه‌به‌رتر كردوه‌و به‌رشكست بوونی ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنانی له بواری قوماش‌و كه‌وشو پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك، و داخرانی كارخانه‌كانو بێكاری كریكاران‌و كه‌م بوونه‌وه‌ی داهاتی چینی هه‌ژار و مام ناوه‌ندی لێكه‌وتۆته‌وه. دیاره هۆكاری ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سیاسه‌ته، واته پشتگیری نه‌كردن له كاڵای ناوخۆیی بۆ به ده‌ستهێنانی پشتگیری سیاسی ئه‌و وڵاتانه‌یه. ئه‌گینا وڵاتێك وه‌ك ئێران به بێ راده‌یه‌ك له پشتگیری له به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی، ناتوانێ به پیشه‌سازی و به‌رهه‌مهێنان گه‌شه بدات. له لایه‌كی دیكه ره‌چاوكردنی سیاسه‌تێكی ئاوا، ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندی ژماره‌یه‌كی بچووك بازرگان و نێزیكانو له سه‌ره‌وه‌یان سپای پاسدرارانه كه به پاوانكردنی مافی هێنانی ئه‌و كاڵایانه بۆ ناوه‌وه، سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌فسانه‌ییان پێكه‌وه ناوه.
بانكه‌كانی ئێران له ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه قه‌رزێكی زۆریان داوه به خه‌ڵك كه نه بۆ به‌كارهێنانی له بواری به‌رهه‌مهێنان، به‌ڵكۆ بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ژیانیان مه‌سره‌ف كراوه. ئه‌وه سیاسه‌تێكی چه‌وتو هه‌ڵه‌كار بوو كه بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی خۆشه‌ویستی له نێو جه‌ماوه‌ر بۆ سه‌رۆك كۆمار ئه‌نجامدرا. ئه‌و قه‌رزانه نه‌گه‌ڕاونه‌وه‌و مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه كه هیچكات بانكه‌كان نه ته‌نیا سوودێك له‌و قه‌رزانه وه‌گیریان نه‌كه‌وێ، ته‌نانه‌ت ئه‌سڵی سه‌رمایه‌كه‌ش نه‌گه‌ڕێته‌وه. ئیلتیزامی ده‌وڵه‌ت بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزه نه‌دراوانه، خۆی یه‌كێك له هۆكاره‌كانی- با هۆكاری ئه‌سڵیش نه‌بێ - قه‌یرانی بانكییه كه وشكایی هێناوه به پاشكه‌وتی دراو له ئێران.
دیاره بایكۆت كردن و ته‌وقیفی داراییه‌كانی بانكی "سپه" كه سه‌ر به سپای پاسدارانه له لایه‌ن ئامریكا‌و هاوپه‌یمانانی، دۆخه‌كه‌ی به‌رو خرابتر بردوه‌و به وته‌ی پسپۆرانی ئابووری، مه‌ترسی داڕمانی سه‌رجه‌م سیستمی بانكی ئێرانی ده‌توانێ لێبكه‌وێته‌وه. جگه له‌وه‌ش، زۆرێك له بانكه‌كانی ئاسیا‌و ئوروپا پێوه‌ندی بازرگانی خۆیان له‌گه‌ڵ بانكه‌كانی ئێران پچڕاندووه‌و یان زۆر كه‌میان كردۆته‌وه. ئه‌و وه‌زعه وای لێكردوه كه بازرگانه ئێرانێیه‌كانیش وێرای كۆمپانیاكانی ده‌ره‌كی سه‌رجه‌م متمانه‌یه‌كی زۆر كه‌میان به بانكه‌كانی وڵاته‌كه‌ی خۆیان بێت‌و سه‌رمایه‌كانی خۆیان ببه‌نه ده‌رێ‌و له رێگای بانكه‌كانی دوبه‌ی، چالاكییه بازرگانییه‌كانیان به‌ڕێوه ده‌بن. له‌وه ئه‌ولاتریش، دوور نییه وڵاتانی كه‌نداوو به تایبه‌ت دوبه‌ی له ژێر گووشاری ئا‌مریكا رازی بن پێوه‌ندی بازرگانی خۆیان له‌گه‌ڵ ئێران بپسێننو یان زۆر لاوازی بكه‌ن. بێگۆمان به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستییه كه به‌شی هه‌ره‌زۆری بازرگانی ئێران له رێگای ئه‌و وڵاتانه‌وه روو ده‌كاته دوونیای ده‌ره‌وه، ئه‌وه ده‌توانێ ببێته تیری خه‌لاس له مێشكی ئابووری ئیران.
دیاره باری قورسی ئه‌و قه‌یرانه ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی چینی هه‌ژار و كه‌م داهاتی ئێران. هه‌ژاره‌كان هه‌ژارتر ده‌بن و چین‌و توێژه‌كانی مام ناوه‌ندیش باری گوزه‌رانیان به‌ره‌و خرابتر ده‌چێت. ژماره‌ی ناڕازییه‌كان له كۆمه‌ڵگا زۆرتر ده‌بێت. جیا له به‌شێك له‌و سه‌رمایه‌دارانه‌ی كه شه‌ریكی نزیكی حكوومه‌تنو پێوه‌ندیان هه‌یه به سپای پاسدارانه‌وه‌و له رێگای پاوانكردنی بازرگانی ده‌ره‌وه، سه‌روه‌تو سامانێكی یه‌كجار زۆریان له ماوه‌یه‌كی كوورت پێكه‌وناوه، به قووڵ بوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه دوور نییه به‌شێكی به‌رچاوی چینی سه‌رمایه‌داریش بكه‌ونه دژایه‌تی راسته‌و خۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت.
شان به شانی ئه‌و قه‌یرانه ئابوورییه، ئێران هه‌ر وه‌ك هه‌میشه وڵاتێكی دیكتاتورییه كه سه‌ره‌تاییترین مافه‌كانی مرۆڤی تێدا پێشێل ده‌كرێ، زیندانێك نه ته‌نیا بۆ ئازادیخوازان‌و چالاكانی سیاسی‌و مافی مرۆڤ‌و رووناكبیران‌و سه‌رجه‌م بیرجیاوازان، به‌ڵكو به راشكاوییه‌وه ده‌توانین بڵێین: زۆربه‌ی هه‌ره زۆری جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك هه‌ست به‌و زیندان‌و كۆت‌و زنجیره ده‌كه‌ن كه خراوه‌ته ده‌ست و پێیان. هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه بۆ ئه‌و رژیمه شتێك به نیوی حه‌وزه‌ی تاكه‌كه‌سی بۆ تاكه‌كان به ره‌سمییه‌ت نه‌ناسراوهو ناناسرێ. خۆشگوزه‌رانیو میوانییه‌كانی خه‌ڵك، موسیقایه‌ك كه گوێی لێده‌گرن، نان‌و خواردنه‌وه‌یه‌كی كه ده‌یخۆن و ده‌ینۆشن، به‌رگێك كه له به‌ری ده‌كه‌ن، كتێبیك و ده‌قێك كه ده‌یخوێننه‌وه، چۆنییه‌تی خۆشه‌ویستی و پێوه‌ندیان له‌گه‌ڵ یه‌كترین له‌و بواره‌دا، هه‌مووی ئه‌وانه له ژێر چاوه‌دێری حكوومه‌ته.
له‌وه‌ها وه‌زعێكدا، هێشتا ناتوانین له بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری كه ئامانجێكی دیاریكراوی له به‌ر پێی خۆی داناوه بدوێین، به‌ڵام به دڵنیایه‌وه به‌رهه‌ڵستكاریو به‌رنگاری، هه‌میشه له ئارادا بووه. به گشت گوشارێك كه له باری ئابووری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له سه‌ر خه‌ڵكی ئێرانه، به دڵنیایه‌وه كۆمه‌ڵگای ئێران نه‌خه‌وتووه‌و له جۆش و خڕۆشێكی به‌رده‌وامه كه ئه‌گه‌ری بوونی به تۆفانێك بۆ راپێچانی داموده‌زگای سهركووتو داپڵۆسینی كۆماری ئیسلامی له لایه‌ك ئامانجی هه‌ر ئازادیخواز‌و دێمۆكراتێكی راسته‌قینه‌یه‌و، له لایه‌كی دیكه‌وه مۆته‌كه‌ی هه‌موو شه‌ویی ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسڵامییه.
به له به‌ر چاو گرتن‌و ناسینی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه كه ئوپۆزیسیۆنی به راستی رادیكاڵ، دێمۆكرات‌و ره‌سه‌نی ئێران كه هه‌ڵقوڵاوی ئه‌و جۆش‌و خڕۆشه بێت كه له سه‌ره‌وه باسمان كرد، ده‌بێ كاری ئه‌سلی خۆی به وه‌گه‌رخستن و ریكخراو كردنی ئه‌و هیزه بزانێ كه به حوكمی یاسامه‌ندی كۆمه‌ڵگا، فاكته‌ری سه‌ره‌كی هه‌ر ئاڵوگۆڕێكه كه به راستی بتوانێ ببێته هه‌وێنی ئه‌و ژێروژۆر كردنه‌ی كۆمه‌ڵگای ئێران كه زۆرتر له سه‌ده‌یه‌كه خه‌باتی بۆ ده‌كا. ته‌نیا پشت به‌ستن به فاكته‌ره ناوخۆییه‌كانه كه ده‌توانێ به شێوه‌یه‌كی ئوسولی به كه‌ڵك وه‌رگرتن له فاكته‌ری ده‌ره‌كی‌و هه‌ر هه‌لومه‌رجێكی له بار، ئه‌و كۆمه‌ڵگایه له بازنه‌ی نه‌حس و داخراوی "دیكتاتۆرییه‌ت، راپه‌ڕین و دیسانیش دیكتاتۆرییه‌ت" نه‌جات بدات.
تا ئه‌و جیگایه‌ی به مه‌سه‌له‌ی فاكته‌ری ده‌ره‌كی پێوه‌ند ده‌بێته‌ه‌وه، ته‌نیا ئه‌و حیزب¬و یان هێزه سیاسییه‌یه ده‌توانێ سه‌ربه‌خۆیی خۆی راگڕێ¬و نه‌بێته پاشكۆی زڵهێزه‌كان كه پشت ئه‌ستوور بێت به جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك. راست له‌و حاڵه‌ته‌دایه كه حیزب و هێزی ناوبراو ده‌توانی ته‌نانه‌ت سیاسه‌ت و ئاجێندای خۆی به سه‌ر فاكته‌ری ده‌ره‌كی فه‌ڕز بكات.
بڕوابه‌خۆبوونی كۆمه‌ڵه و گشت هێزه ره‌سه‌نه‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له بارۆدۆخێكی له بار كه گرژی‌و تووند بونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان ئێران و رۆژئاوا بۆی ده‌ڕه‌خسێنێ، بۆ خه‌بات له پێناوی مافه ره‌واكانی خه‌ڵكی زوڵم لێكراوی كورد‌و به سه‌ركه‌وتن گه‌یاندنی ئه‌و خه‌باته، خۆی له‌و حه‌قیقه‌ته‌دا ده‌بێنێته‌وه كه كۆمه‌ڵه پشت ئه‌ستووره به هێزی رێكخراوی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك وه‌ك سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تی ده‌سته‌به‌ر كردنی ده‌سكه‌وته‌كانی شۆڕِش¬و سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری.

0 Kommentare:
Kommentar veröffentlichen
Abonnieren Kommentare zum Post [Atom]
<< Startseite